ئێمە ئەم پارکە جوانەمان پێشکەشی سلێمانی کرد بە دیزاینێکی نوێ و سەردەمیانە
چەندین گوڵ و درەختمان ڕوواند رۆژی ( ٢٠ / ١ / ٢٠٢٠ )، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بە ئامادەبوونی جێبەجێکارانی پڕۆژەکەو فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و هاووڵاتیانی سلێمانی، پارکی
نمونەیی مەولانای لە شاری سلێمانی کردەوە، ئەم پڕۆژەیە لەسەر ڕووبەری (١٣٢٠٠٠)م٢ بە شێوازێکی مۆدێرن و ئەندازیارانەی شایستە بە جوانترین دارو درەخت و دەوەن و گوڵ و چیمەن ڕازێنراوەتەوەو لەلایەن گروپی کۆمپانیاکانی هەڵەبجەو فامیلی مۆڵی سلێمانیەوە جێبەجێ کراوەو لە ئەمڕۆوە بە ڕووی هاووڵاتیاندا کرایەوە. پارێزگاری سلێمانی پیرۆزبایی ئەم پڕۆژە ناوازەیەی لە خەڵکی شاری سلێمانی و کوردستان کردو سوپاسی خەڵک و پارێزگای سلێمانی پێشکەش بە کۆمپانیای جێبەجێکارو فەرمانگەکانی دەوڵەت کرد، کە بە شایستەترین شێوە کاریان بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە کردووە. داوای لە هەموو لایەک کرد بە هەمان شێوەی ئەم پڕۆژەیە هاوکاری حکومەتی خۆجێی سلێمانی بن بۆ زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی بەتایبەتی پشتیوانیکردن لە پڕۆژەی سەوزکردنی شاخی گۆیژە. کۆمپانیای جێبەجێکار سوپاسی پشتیوانیە بەردەوامەکانی پارێزگای سلێمانی و فەرمانگەکانی سنوری پارێزگاکەیان کرد بۆ تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە.